عومەر عەلی
لیژنە بۆ پەردە پۆشکردنی ئەم عەیبانەیەو شاردنەوەی ڕاستیەکانە
د. موسەنا ئەمین: تۆ ناوماڵی کوردت پێ ڕێك نەکرێت بەچی ڕوویەکەوە ڕوو دەکەیتە بەغدا.
ئەوەشی کە کرا لە شەڕی ناوخۆداو لەسەر پانکردنەوەی یەکترداو دووبارە هەر ناوی کوردایەتی لێ دەنرا.
ئایدۆلۆژیاو پاساو بۆ بەردەوام بوون لەسەر دەستەڵات یاخود بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵە تاوانێك لە دژ خەڵك.
لیژنە بۆ پەردە پۆشکردنی ئەم عەیبانەیەو شاردنەوەی ڕاستیەکانە.
یەکگتروو زوڵمی لێکراوە وە لەو کاتەی کە زوڵمی لێکراوە وای لێ نەهاتووە کە ئەویش زوڵم بکات.
یەکگرتوو نە حیزبەکەی بە پیرۆز دەزانێت نە یەکگرتوو بە دین دەزانێ نە ووتوویەتی هەرکەس یەکگرتوو نەبێت دینی نوقسانە، نە ووتوویەتی تەنها سەرکردەکەی ئێمە باشە.
عومەر عەلی: دوای ئەوەی کۆمەڵێك بارەگای یەکگرتوو سوتان لە دەڤەری بادینان و کۆمەڵێك لە ئەندام و ڕۆژنامەنووسەکانیان دەستگیر کران بارگرژیەکی چڕ لە نێوان یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستاندا دروست بوو، کە بە درێژای مێژووی پێکەوە ژیانی ئەو دوو حیزبە خۆی لەم ئاستەدا نەبینیووەتەوە بە کارەساتی ٢٠٠٥یشی لەگەڵدا بێت، هەریەك بۆ سەرخستنی دۆسیەکەی خۆی پەنا بۆ ڕاگەیاندن و جوڵانی شەقام دەدەن، د.موسەنا ئەمین بە یەکەمین سەرکردەی دیاری یەکگرتوو ناودەبرێت لە ناو شەقامدا بە دیفاع کردن و ڕوونکردنەوەی ڕاستیەکان بۆ ڕای گشتی، لە کۆڕێکی تایبەت کە ڕێکخراوێکی سەربەو حیزبە کە لە دەربەندیخان ڕێکیان خستبوو د. موسەنا تیشکی ووردی خستە سەر کۆی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانیشی بەو بەهارەوە گرێدا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەسەر کۆی ئەو تێبینیانەی لەسەر کۆڕەکە دروست بوو وە هەندێك پرسیاری تری شەقام ڕووبەڕووی د. موسەنا ئەمینمان کردوو بەڕێزیشیان بەوپەڕی سنگفراوانیەوە وەڵامی یەك بە یەك پرسیارەکانی داینەوە.
عومەر عەلی: یەکێك لە تایبەتمەندیەکانی ئیسلام واقعیە، ئایا یەکگرتووی ئیسلامی تاچەند سوودی لەو واقع بینیە وەرگرتووە؟ لە ووڵاتێکی میلشیاگەری و نیشاندانی بازوی دەستەڵات و کارکردنی یەکگرتووش بەم نەرمیە تاچەند؟ لەگەڵ واقعەکەدا یەکدەگرێتەوە؟ وە ئایا سوتاندنی بارەگاکانی یەکگرتوو وا لە یەکگرتوو ناکات لە کۆنگرەی داهاتوودا ڕیفۆڕمی واقعیانە لەناوخۆیدا بکات؟
د.موسەنا ئەمین: بسم اللە الرحمن الرحیم، واقعی بوون وەك یەکێك لە ڕەهەندە ڕەسەنەکانی فکری ئیسلامی بریتیە: لەوەی کە ئەو کۆمەڵە مسوڵمانە خوێندنەوەیان بۆ ئەو واقعە خوێندنەوەیەکی دروست و ڕێك بێت و وە واقعی خۆیان دەرك پێکردبێت، بەو جۆرە مامەڵە بکەن لە چوارچێوەی ئەو واقعەداو وە لە چوارچێوەی نەگۆڕەکاندا نەچنە دەرەوە، یەعنی ئەگەر بێت و واقعیش ڕێگەیان پێ بدات بچنە دەرەوە یان زیادە ڕەوی بەکار بهێنن و مافی کەسێك یان بەرانبەر زەوت بکەن نابێت بیکەن، چونکە شەرع ڕێگەی بەوە نەداوە، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان هەمیشە یەکێك لە تایبەتمەندیەکانی ئەوە بووە لە واقعی کوردستان باش تێگەشتووەو خۆی باش ناسیووە وە دەوروبەرەکەشی باش ناسیووە، وە هەوڵی ئەوەی داوە لە چوارچێوەی ئەوەی شەرع ڕێگەی پێداوە ئەو واقعە بگۆڕێت وەك ئەوەی خوای گەورە ئەمری پێکردووەو بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانی تێدایە، بەڵام وەكو لە کۆڕەکەش ووتم، دەبێت ئینسان بەپێی بەڕەی خۆی پێ ڕاکێشێت ئەگەر زیاتر لە بەڕەکە پێی ڕاکێشێت ئاقڵی نی یەو ئەگەر بەڕەکەش لەپێی زیاتر درێژتر بێت هەر ئاقڵی نی یە، هەمووکات ئاقڵی و واقعی بوون ئەوەیە کە تۆ بزانیت کە چەند بەڕەکەت درێژە بەقەدەر ئەوە پێ ڕابکێشیت، بزانی ووڵاخەکە چەند هەڵدەگرێت ئەوەندەی لێ بنێیت، بزانیت توانای کارت چەندێکە ئەوەندە دروشم بەرز بکەیتەوە کە بتوانیت ئەو دروشمانە بکەیت بەواقع، هەموو ئەمانە مانای واقعی بوونن وا دەزانم یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش لە هەموو قۆناغەکاندا ناڵێم بێ تەقصیر نەبووە بەڵام بە دڵنیاییەوە بەردەوام هەوڵی داوە هەم ڕەچاوەی شەرعەکە بکات و وە هەم بەرژەوەندی گشتیشی لە پێش چاو بێت، وە واقعی بوون ئەوە نی یە تۆ تەسلیمی واقع بیت لە ڕووی ئامانجەکاندا، واقع بینی ئەوەیە لە بەجێهێنانی میکانیزمی ئامانجەکاندا تۆ واقعەکەی خۆت باش بخوێنیتەوە وە خوێندنەوەت بۆ واقعەکە دروست بێت، واقع بوون ئەوەنی یە نزم ببیتەوە بۆ ئاستی ئەو واقعەی ئامانجەکان بدۆڕێنیت، یاخود میکانیزمێکی ناڕەسەن و ناشەرعی بەکار بهێنیت.
عومەر عەلی: گەر گشت دەقە ئاینیەکانیش وەلانێین و لە ڕووی سروشتی و واقعیەوە بۆ شەڕی دیفاع بڕوانین ئەوا گشت سروشتێکی سەلیم پشتگیریەتی، ئەگەر پرسیارەکە بەم شێوەیە سیاغەبکەم و بڵێم بۆ پاسەوانەکانی یەکگرتوو دیفاعیان لە بارەگاکان نەکرد وەیان هیچ نەبێت دەستی ئەو کەسانەیان نەگرت کە زوڵم نەکەن؟
د.موسەنا ئەمین: لە ڕووی قانونی و لە ڕووی شەرعیشەوە کاتێك تۆ بزانیت مونکەرێك دەگۆڕیت بە مونکەرێکی لەو خراپتر ئەوە بێگومان نە لە ڕووی واقعی نە لە ڕووی یاسای نە لە ڕووی شەرعیەوە تۆ ڕێگەت پێ نەدراوە ئەوە بکەیت، پاسەوانەکانی یەکگرتوو بۆ ئەوە پاسەوانن کە دزێك، شەوکوتێك، ئاژەڵێك لەو جۆرە شتانە بگێڕنەوە لە بارەگاکان، ئەمما کەسێك بە پلانێکی چەکدارەوە کە بە چەکدارەکانی خۆی ئەو کارە ئەنجام دەدات ئەوە نە شەرع و نە عەقڵ ڕێگە بەوە نادات تۆ بەرگری لە خۆت بکەیت، چونکە دیفاع کردن لە خۆ لەو کاتەدا ئەو ئامانجە ناپێکێت کە خوای گەورە دایناوە، لە جیاتی ئەوەی تۆ بتەوێت مەقەڕەکەت بپارێزیت ئەوا خوێنی چەند کەسێکیش بە هەدەر دەڕوات و دەرەنجام مەقەڕەکەش هەر دەسوتێنرێت، ئالەم شوێنەدا نە عەقڵ و نە مەنتیق و نەشەرع ڕێگە بەوە نادات کە ئەم پۆلیسە ئەو کارە ئەنجام بدات، ئەو ئەو پۆلیسەش خۆی بۆ خۆی ئەو کارەی پێ نەسپێراوە بیکات نە لەلای حکوومەتەوە نە لەلای یەکگرتووشەوە، بۆیە کارێکی باشیان کردووە کە بەرگریان نەکردووە، چونکە زانیوویانە کارەکە ڕێکخراوەو حکوومەت ئەنجامی دەدات، وە حکوومەتیش ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵی بەچەك هیچ سوودی نی یە، چونکە دەرەنجام پاسەوانەکان خوێنی چەند کەسێك بڕێژن دواتر خوێنی ئەوانیش دەڕژێنرێت لە کۆتایشدا بارەگاکانیش هەر دەسووتێنرێت، لەم حاڵەدا هەر بارەگاکان بسوتێنن باشترە لەوەی خوێنی مسوڵمانان بڕژرێ لە نێوان یەکتریدا، ئێمە قەناعەتمان وایە ئەوە ئەرکی حکوومەتە دەبێت بارەگاکان بپارێزێت، نەك ئەرکی پاسەوانەکانی یەکگرتوو، وە نە حکوومەت بۆ ئەوە ئەم چەکەی داوە بە یەکگرتوو هەرکەس هاتە سەری تەقەی لێبکات وە نە ئێمەش وەك یەکگرتوو بۆ ئەوە ڕێگەمان داوە ئەو پاسەوانە بۆ ئەوە لەوێ بێت کە خەڵك بکوژێت، ئێمە بۆچی ڕەخنەمان لە برادەرانی پارتی دەگرت ئێمە دەمانووت خۆ بارەگاکەتان کەعبە نی یە، خەڵك پەنجەرەی شکاندووە ئێوە بۆ حەوت کەس دەکوژن و پەنجاو هەشت کەس بریندار دەکەن بە فیشەك، ئایا فیشەك ڕوو بکەیتە برای مسوڵمانی خۆت دروستە؟، ئێمە بە دروست و شەرعیمان نەزانیووەو ئێستاش بە دروست و شەرعی نازانین، لە کاتێکدا مەسەلەی دیفاع لە نەفس دەبێت بکرێتەوە بە ماف، دیفاع لە نەفس بۆ ئەوە هاتووە کەسێك دێت لە ماڵی خۆتدا بتکوژێت تۆش بۆ دیفاع کردن لە خۆت لە کاتێکدا بزانیت ئەم دیفاعە نابێتە هۆکارێك بۆ ئەوەی تاوانی گەورەتری لێوە دروست ببێت یان کارێکی خراپتر دەبێت ئەگەر زانیت وا دەبێت، ئەوە دەتوانیت ئەو کەسەی کە هاتووەتە سەرت تۆ ماڵ و منداڵەکە بپێچیتەوەو بڕۆیت و دیفاع لە خۆت نەکەیت، چونکە دەزانیت دەرنجامەکەی خراپترە، لە مەنتیقی قورئانیش سەیر بکەیت قورئان دەفەرمووێت(( الْآنَ خَفَّفَ اللَّهُ عَنْكُمْ وَعَلِمَ أَنَّ فِيكُمْ ضَعْفًا ۚ فَإِنْ يَكُنْ مِنْكُمْ مِائَةٌ صَابِرَةٌ يَغْلِبُوا مِائَتَيْنِ )) 
زانایان و شەرع ناسان لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا دەفەرموون هەرجارەو بێ باوەڕان دوو هێندەی موجاهیدەکان بوون دروستە بۆیان پشتیان تێ بکەن و لەگەڵیاندا نەجەنگن، وە ئەوە حسێب نابێت بە تولی یوم الزحف، چونە سنوری تواناکانی مرۆڤ سنوردارە، پێغەمبەریش درودی خوای لەسەر بێت بە جەماعەتەکەی خالیدی فەرموو کەرارن فەرارنین، واتە هاتوون بۆ ئەوەی جارێکی تر هەڵمەت بەرنەوە نەك ڕایان کردبێت لە جەبهەو لە جیهاد، بۆیە بەدەر لەوەش ئەم مەفهومانە لەم بوارەدا بەکار نایەت کە خەڵکێکی مسوڵمان دێنە سەر خەڵکێکی مسوڵمان، بەڵام بەهەرحاڵ ئەمجۆرە فکرە ئەم جۆرە عەقڵیەتە یان سیاسیە کە دەزانێت کارەساتی زیاتر لەوە دەخولقێت وە بڕیار دەدات ئەمە نەکات لەبەر ئەوە کارەساتی گەورەتر نەخولقێت هەم لە ڕووی سیاسیەوە هەم لە ڕووی شەرعیەوە ئیشێکی باشیان کردووە، وە هەمیشەش یەکگرتوو بەتەمایە کەوابکات، ئێمە ئامادەنین لەبەر ئەوەی بارەگاکانمان نەسوتێن ئێمە لەوان بکوژین و ئەوان لە ئێمە بکوژین و سەنگەر بۆ یەکتری دابنێین.
عومەر عەلی: شلگیری یەکگرتوو کارنەدانەوەی لە ڕووداوەکانی ڕابردوو بۆ نموونە ٢٠٠٥ بەجۆرێك لە جۆرەکان ڕیخۆشکەر بوون بۆ دووبارە بوونەوەی ئەم زنجیرە هێرشانەی ئێستە، لێدوانی توندی کۆمەڵی ئیسلامی و نیشاندانی جۆرێك لە هێز بەرانبەر یەکیەتی وەك ئەوەی ووتیان یەکیەتی و پارتی لێمان دەترسن چونکە ئێمە ئەزموونی چەکداریمان هەیە، ئەگەر پرسیارەکە بەم شێوەیە بکەم ئایا گۆڕینی ئەدای لێدوان و کاردانەوەکانی ئێوە واناکات ڕێگربێت لە دووبارە نەبوونەوەی ئەم هێرشانە وە وەڵامیشتان بۆ ئەوە چی یە گەر پاسەوانەکان بە گەندەڵ ناوببرێت لەوەی موچەی بەلاش دەخۆن لەکاتێکدا ئەو موچانە پارەی سەدەقەو زەکاتی تێدایە.
د.موسەنا ئەمین: ئەو قسانە هیچ نرخێکیان نی یە لای ئێمە لەبەر ئەوە نە شەرعین نە سیاسین، شەرعی فیقهی یەکگرتوو لەم بوارەدا واضحە، ئەو فیقهە بوو کە برادەرانی کۆمەڵ دانیان پێدا نەدەناو دواتر دوای چەندییین ساڵ دانیان پێدانا، نە ئەوان دەگەڕێنەوە سەر ئەو فیقهە کۆنە نە ئێمەش بەم ئاخرە دەچینە سەر ئەو فیقهەی ئەوان، لەبەر ئەوەی ئێمە ئەزموونمان هەیەو خەڵك لێمان دەترسێت هیچ وانی یە، وە ئەگەر برادەرانی کۆمەڵ ئەو هێزەی ئێمەیان هەبوایە لە بادینان لە پێش ئێمەوە دەیان سوتاند، وە سڵیشیان لێ ناکەن، هێزیشت هەبێت هێزی تۆ چێ پێ دەکرێت، دوو پاسەوان لەبەر ئەو دەرگادا دانیشتوون لەسەرچی دەیان دەیت بە کوشت؟ لەبەرچی ئەعنی دیفاع لە کەعبە دەکەن؟!، حکوومەتێك کە دەستەڵاتدارە هاتووە دەیسوتێنێت، دەتوانن بیشی سوتێنن و حەرەسەکەشت بکوژن، ئەی بۆچی ئەم حەرەسە بکوژرێت لەپای چی ئەم شەڕەی بۆ بکەیت، ئەگەر یەکگرتوو قەراربێ شەڕی وا بکات کە باوەڕی پێی نی یەو ناشیکات، ئەوکاتە هەر ڕۆژەو شتێکی وا ڕوویدا دوو حەرەسی فەقیر نادات بە کوشت، ئەگەر ئەوە بکات دەبێت لە سەرکردایەتیەکانەوە چەك هەڵبگرن و دواتر ئەوانی تر، ئەوسا دەبێت بە دەیان کەس چەکدار بکەن و دیفاع بکەن نەك بە دوو حەرەس بڵێ بۆ دیفاعتان نەکردوو دوو حەرەس بە کوشت بدەن، ئەم بۆچوونە لەگەڵ ڕێزم بۆچوونێکی سادەو ساویلکەیە، بۆچونێکی نە مەنتیقی نە شەرعی نە سیاسیە.
عومەر عەلی: بۆچونێك لەناو ئەندامانی یەکگرتوودا هەیەو دەڵێ ئەم جۆرە هێرشانە لەبەرژەوەندیماندایەو دەنگەکانمان لە ئایندەدا زیاد دەکات، لەو لاشەوە بۆچونێکی خاوەن ئیمتیازی دەزگای ستاندەر هەیە وەك لە چاوپێکەوتنێکدا درکاندوویەتی و دەڵێ ئیسلامیەکان بەرگریان لە ئەندامانی خۆیان پێ ناکرێت چۆن؟ دەتوانن بەرگری لە میللەتێك بکەن، ئەگەر من ئەم دوو بۆچوونە تێکەڵ بکەم و بەم شێوەیە سیاغی بکەم و بپرسم ئایا ئەگەر لە ئایندەشدا یەکگرتوو دەنگی زیاتر بهێنێت پێتان وا نی یە ئەو دەنگانە زیاتر لە کانگایەکی سۆزو عاتیفەوە سەرچاوەی گرتووە وەك ئەوەی بەزەیتان پێدا بێتەوە نەك ئەوەی دەنگەکان واقعی بن.
د. موسەنا ئەمین: نا من جارێك نازانم ئەو برایانە بەچی بۆچونێك دەڵێن یەکگرتوو ناتوانێ خۆی بپارێزێت، یەکگرتوو مەگەر قەرارە خۆی بپارێزێت، خۆی لەچی بپارێزێت خۆ ئێمە لە جەنگەڵستاندا نین، یەعنی وەحشی گەری نی یە ئەم ووڵاتە، ئەم ووڵاتە بڕیار وایە یاسای تێدا بێت، بڕیار وایە پەرلەمانی تێدا بێت، ئێمە هەوڵ دەدەین دەزگایەك دروست بکەین حکوومەت خۆی بەرپرسیار بێت لە پاراستنی هاوڵاتیان، ئێمە قەناعەتمان وانی یە بڕیارمان وا نی یە میلشیایەك دروست بکەین بمان پارێزێت، وە هەرکاتێك ئێمە میلشیایەكمان نەبێت بمان پارێزێت ئیتر ئێمە بە کەڵکی حوکمڕانی نایەین!، بە پێچەوانەوە ئێمە دەڵێین ئەوانەی میلشیایان هەیە دەبێت بڕۆنەوە بۆ شاخ، ئەگەر قەراربێت ئەم شتانە ئەوا بێت دەبێت ئێمە ئەم ئەقڵە بەجی بهێڵین، هەرکەس میلشیای نەبێت، جا خۆ ئێستە برایانی کۆمەڵیش میلشیایان نەماوە، گۆڕانیش میلشیای نی یە دەبێت بڵێین دەنگ بەوانیش مەدەن، کەوا بێت دەبێت بڵێین تەنها دەنگ بە دەستەڵات بدەن چونکە تەنها ئەوان میلشیایان هەیەو تەنها ئەوان دەتوانن خەڵك بکوژن و ببڕن، ئەمە خاڵێك خاڵێکی تر خەڵك لەسەر ئەساسی ئەوەی عاتیفیە بۆیە دەنگ بە یەکگرتوو دەدات بەڵام لەسەر ئەساسی ئەوە نی یە هەرچەند عاتیفیش کاریگەرە، خەڵك هەیە سیناریۆی تراژیدیا دروست دەکات بۆ ئەوەی عاتیفی خەڵك ڕاکێشێت، بەڵام یەکگرتوو جلی دڕاوو سواڵکەرانەی لەبەر نەکردووە تا خەڵکی بەزەی پێدا بێتەوەو دەنگی بۆ بدات، یەکگرتوو سەلماندوویەتی هێزێکی کاریگەرەو ڕکەبەرێکی سەرەکی برادەرانی پارتیەو لێی دەترسن بۆیە ماڵەکەیان دەسوتێنن، ئەمە وا لەو خەڵکە دەکات دەنگ بە یەکگرتوو بدەن کە برادەرانی پارتی ئەوەندە لێی دەترسن، لە هەمانکاتیشدا ئەوەندە ڕەوایەتی هەیە دەست بۆ ماڵیشی درێژ دەکەن و دەیسوتێنن کەچی ئەو دەست بۆ کەس درێژ ناکات، ئەمە دەلیلی ئەوەیە ئەم حیزبە هەم حیزبێکی کاریگەرە وە حیزبێکە بە ئەخلاقە سنوری هەڵسوکەوتە شەرعیەکانی خۆی دەزانێت، وە سنوری هەڵسوکەوتە یاسایەکانی خۆی دەزانێت، ئەمە وا دەکات عادەتەن ئەو کەسەی زوڵمی لێ دەکرێت وا دەکات ئەو خەڵکە خۆشیان دەوێت، مەرج نی یە ئەوە مانای ئەوە بێت بەزەییان پێدا دێتەوە توخوا چەند فەقیرە... لەبەر ئەوە نی یە، لەبەر ئەوەیە زوڵمی لێکراوە وە لەو کاتەی کە زوڵمی لێکراوە وای لێ نەهاتووە کە ئەویش زوڵم بکات وە ئەویش خۆی بخاتە ئاستی هێزەکەی ترەوە، کەواتە ئەوە شایەنی ئەوەیە تۆ عەقڵی لێ بخوێنیتەوە، شایەنی ئەوەیە یاسا سەروەری لێ بخوێنیتەوە، شایەنی ئەوەیە بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی و سیاسی لێ بخوێنیتەوە، لەبەر ئائەمەیە ئەو خەڵکە دەنگ بە یەکگرتوو دەدەن، بۆیە وای لێ دەکەن چونکە حیزبێکی کاریگەرە، وە بۆیە وای لێ دەکەن چونکە مەترسی هەیە لەسەر گەندەڵکاران لەم ووڵاتە، من وا دەزانم ئەو مەنتیقەی وا لە یەکگرتوو دەکات دەنگی بداتێ ئەمەیە واتە ئەو بەزەییە نی یە کە بۆ کەسێکی ڕوتاڵ ئەوە نی یە.
عومەر عەلی: لەسەروبەندی زۆرێك لە قەیرانە ناوخۆیەکاندا بارزانی خۆی بەلای لایەنە عەرەبیەکاندا با دەدات، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا بارزانی ئەوەندە سەنگ و کاریگەری هەیە وەیان جۆرێکە لە خۆ دزینەوە لە قەیرانە ناوخۆیەکان.
د. موسەنا ئەمین: گومانی تێدا نی یە ئێستە کێشەکان حەقیقین، ئەعنی ئەوەی کێشەیەکی حەقیقی لە عێراق هەیەو مەترسیە بۆ کۆی عێراق و ناڕاستەوخۆش بۆ کوردستان، بەس ئەوەی ئێمە خوا خوامان بێت لە هەر شوێنێك پەنێکماندا یان گیرمان خوارد بۆ ئەوەی چاکسازی نەکەین یان نەمان توانی سەرەتایی ترین مافەکانی حکوومەت جێ بەجێ بکەین، ئا لەم کاتەدا خوا خوامان بێت مەسەلەیەك هەبێت و ڕاگەیاندن و دانیشتنەکان و هەموو خۆمانی پێوە سەرقاڵ بکەین ئەم ڕادەی خۆ سەرقاڵ کردن بە مەسەلەکەوە جێگەی پرسیارە، بەڵام قیادەی سیاسی کوردستان دەبێت ئەوەی بیر نەچێت وەك چۆن خەمی دەرەوە دەخوات دەبێت خەمی ناوماڵی کوردی بێت لە پێشەوە، دوای ئەوە تۆ ناوماڵی کوردت پێ ڕێك نەکرێت بەچی ڕوویەکەوە ڕوو دەکەیتە بەغدا، تۆ دەڵێی با مالیکی ئیستبداد نەکات تۆ خۆت موستەبیدی، تۆ دەڵێی با مالیکی سەرۆکی ئەم ووڵاتە قوت نەدات تۆ لێرە سەرۆکی هەرێمت قوت داوە، ئەڵێی با زوڵم لە سونەکان و قائیمەی عێراقیە نەکرێت، تۆ خۆت لیستی یەکگرتووت سوتاندووەو زەبونت کردووە، ئەمە خەڵك ئەمەت لێ قبوڵ ناکات، نە مالیکیش ئەو ڕێزەت لێ دەگرێت نە ناوخۆش، لە لایەنە سیاسیەکانی کوردستانیش بەڕێزەوە دەڕوانن بۆ ئەم هەوڵانە، ئەگەر بێت و لە بەینی قەوسدا لەسەر ئەساسی خۆ گێلکردن بێت، بەڵام خۆ ئاشکرایە پارتی ئەم کێشانەی عێراقی دروست نەکردووە بۆ ئەوەی ئەمە بشارێتەوە، بەڵام جۆری مامەڵەکردن لەسەر بابەتەکە دەیسەلمێنێت دەیەوێت بەم بیانووەوە خۆ بدزێتەوە لە قەزیە ناوخۆیەکان یاخود ئەو کارە نەکات، بە دڵنیایەوە دەڵێم هەمیشە ئەم دەستەڵاتەی ئێمە خوا خوای بووە شتێکی وای بە پارە کڕیووەو هەبێت و گەورە بێت و عەیبەکانی ئەمان بشارێتەوەو ئاراستەی میدیاو ڕای گشتی بۆ بەرێت و مەسەلە ناوخۆیەکانی لەبیر بچێت، ئەوە ئەو ئەندازەیە ڕاستە، بەڵام هەموو مەسەلەکە وا نی یە.
عومەر عەلی: باوەڕێکی تاڕادە بەهێزهەیە لەلایەن ئۆپۆزیسۆنەوە کە دادگاکان سەربەخۆ نی یە، وە باوەڕتان بە لیژنەکان نی یە، ئایا هیچ هەوڵێکتان داوە ئەم دۆسیانە لە ڕێگەی دادگا نێو دەوڵەتیەکانەوە بجوڵێنن لە کاتێکدا دەزانن لەناوخۆدا ئیشی پێویستی لەسەر ناکرێت و پشتگوێ دەخرێت.
د. موسەنا ئەمین: خۆی ئەم مەسەلانە ئێمە تەبعەن ئەو قسانە بە نسبەت لیژنە جیایە لە مەسەلەی دادگا، ئێمە نەمان ووتووە باوەڕمان بە دادگا نی یە، بەڵام ووتوومانە باوەڕمان بە لیژنە نی یە، ئەزانین لیژنە بۆ پەردە پۆشکردنی ئەم عەیبانەیەو شاردنەوەی ڕاستیەکانە، بەڵام گەر مەلەفەکان بدرێنە دادگاو ڕێگا نەگیرێ لە دادگا ئیشی خۆی بکات ئێمە قەناعەتمان بە دادگا هەیە، ئەگەر ئەو دادگایەش نەتوانێت کێشەکان وەك خۆی سەد لە سەد چارەسەر بکات لانی کەم دەتوانێت ئەو کێشانە لە سەدا هەشتا دەتوانێت چارەسەر بکات، وە ئێمە بەو لە سەدا هەشتایەی دادگاش ڕازین بە مەرجێك دەست نەخرێتە بڕیارەکانی دادگاوە ئەگەر دادگاکە دادگایەکی یاسایی و سروشتی بێت نەك دادگایەکی ڕێکخراوبێت لەلایەن ئاسایش و پاراستن، بۆیە باسی دادگامان نەکردووە بەو شێوەیەی باسی بەدگومانی خۆمان لە لیژنە کردووە، بەڵکو ئەزموونی خۆمانمان باس کردووە لەسەر لیژنە کە هەمیشە هەر ئەوە حاڵی بووە، وە لە دونیا مەعروفە ئەوەی دەسپێردرێت بە لیژنە، بەڵام ئەوە لە بەرچاوی میدیاو کامیرەوە ئەنجام دراوە یەعنی لیژنە پێك دەهێنیت بۆچی؟ چەك بەدەستن و حکوومەت ناردوونی بیسوتێنن، کەواتە چەك بەدەست هەیە کەسێكیش هەیە بڕیاری داوە ئەو کەسەش بەرپرسێکی پارتیە یان حکوومیە ئیتر لەمە زیاتر نی یە، تەحقیقی ناوێت، ئەمە ئیجرائاتی دادگای دەوێت، برایانی پارتی ئامادە نین ئەم ئیجرائاتە بکەن دەیبەستن بە لیژنەو بە دانیشتنی حیزبەکان ئەمە بۆ خۆ دزینەوەیە لە ڕاستیەکان، ئەوەی پەیوەندی بە دادگای نێو دەوڵەتیەوە هەیە بە تایبەت ئەو دادگای لە بەشێکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەك ئەوەی لە ڕۆمایە، ئەوە پێویستی بە مەجلیس ئەمنە کە ئەو مەلەفە بنێرێت و باس بکات کە ئەو مەلەفە کاریگەری هەیە لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی، وە عادەتەن ئەوە لە کێشە ناوخۆیەکاندا هەیەو لە کێشە نێو دەوڵەتیەکانیش، بەڵام لە کاتێکدا ئەو کێشە نێو دەوڵەتیە یان ناوخۆییە گەشتبێتە ئاستی ئەوەی کە قەناعەتی مەجلیس ئەمن بەوە هاتبێت کە دەبیت بدرێت بە دادگای نێو دەوڵەتی، ئەو مەحکەمەی جەرائیم کە لە ڕۆما هەیە بە ئیتفاقیەی ڕۆما پێكهاتووە ئەوە دەتوانێت لەسەر کەیسی وا ئیحالە بکات، وە یەکگرتوو هەوڵ دەدات ئەگەر لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی بێت یان لەسەر ڕای گشتی بێت بڕیاری داوە ئەم مەسەلە بوروژێنێت، ئەگەر ڕای گشتی بێت ئەگەر دیبلۆماتکارو ناوەندە دیبلۆماسیەکان بێت، وە هەتا ئەگەر ناوەندە قەزایەکانیش بێت، لە هەرکوێ بزانین دادگایەك هەیەو گوێ لەم قەزیە دەگرێت و دەتوانێت خزمەتی بکات و فایلێکی بۆ بکاتەوە، ئەگەر بۆ داهاتووش بێت ئێمە ئامادەین ئەو کارە بکەین.
عومەر عەلی: واتە تا ئێستە نەیکردووەو هەنگاویشی بۆ نەناوە.
د. موسەنا ئەمین: تیمێکی ڕاوێژکاری یاسایمان ڕاسپاردووە بۆ ئەو کارە، ئەو تیمە ڕاوێژکارە بەرپرسیارن لەو کارە لە ڕووی فەنیەوە، بەڕاستی من لە تەفاصیلەکەی ئاگادارنیم، بەڵام بڕیارە وەك تیمێکی یاسایی کار بکەن لەسەر ئەو کەیسە.
عومەر عەلی: لە کۆڕەکەدا زۆر باسی ئایدۆلۆژیاو سەپاندنیت کرد لەلایەن هێزی دەستەڵاتەوە، وە من گوێم لە یەکێك لە قیادیەکانی پارتی بوو لە کەناڵێکی ڕاگەیاندنەوە لەم ڕۆژانەدا کە دەیووت پارتی دیموکراتی کوردستان حیزبێکی ئایدۆلۆژی نی یە، ئێوە ئەمە چۆن دەخوێننەوە.
د. موسەنا ئەمین: پارتی مافی خۆیەتی بڵێ من چی نیم و چی هەم، بەس ئەوەی کە خەڵك دەیزانێت پارتی و یەکیەتی ماوەیەکی زۆرە ئەوە چەندین ساڵە هەمیشە ئایدۆلۆژیای کوردیان کردووە بە بە ئایدۆلۆژیا بە مەعنا کردوویانە بە پاساو کردوویانە بە پیرۆزیەکی وا کە عەقڵی ئینسان لە ڕاستیەکان تێ نەگات، کردوویانە بە بەربەستێك بۆ کارتێکردنی عەقڵ لە بەردەم هەڵەکان، بۆ پەردە پۆش کردنی عەیبەکان و تاوانەکان، هەمیشە بە لەژێر ناوی کوردایەتی لەژێر دروشمی کوردایەتی و پاساوی کوردایەتی و زۆر کاری گەندەڵی و تاوانیان ئەنجامداوەو هەمیشەش وایان لە خەڵکی گەیاندووە کە ئێمە کوردایەتی دەکەین، لەم حاڵەتەدا لە ژێر هەر دروشمێك هەر ناوێك هەر ناوەرۆكێك هەرچەندە خۆی لە ئەسڵیشدا باش بێت وەکو کوردایەتی کاتێك کە بۆ ئەم ئامانجە بەکارهێنرا ئەوە بەکارهێنانێکی ئایدۆلۆژیانەیە، بۆ مەسەلەی کوردایەتی وە بەکارهێنانێکی براگماتیانەیە بۆ سوود وەرگرتن لە عینوانی کوردایەتی وەکو پاساوێك، وەکو بەهانەیەك، وەکو ڕێخۆشکەرێك، بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان هەمیشە ڕاستیەکان نەبینن و تاوانەکان وەکو جۆرێك لە خەبات بۆ کورد لە قەڵەم بدەن، هەتا ئەوەشی کە کرا لە شەڕی ناوخۆداو لەسەر پانکردنەوەی یەکترداو دووبارە هەر ناوی کوردایەتی لێ دەنرا، هەر تەرەفێکیان هەوڵی دەدا بە خیانەت لە کوردو نەتەوەی کورد لە قەڵەم بدات، لە کاتێکدا ئەمیان پەنای بۆ ئەولا دەبردوو ئەویان پەنای ئەملا دەبرد!، هەموو ئەم پەنا بۆ بردنانەش بۆ ناحەزانی کوردیش هەر بە پاساوی کوردایەتی بوو، ئیتر تۆ ئا لەم حاڵەدا دەتوانین غەیری ئایدۆلۆژیای کوردایەتی چ ناوێکی لێ بنێیت، غەیری ئەوەی کوردایەتی کراوە بە ئایدۆلۆژیاو پاساو بۆ بەردەوام بوون لەسەر دەستەڵات یاخود بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵە تاوانێك لە دژ خەڵك.
عومەر عەلی: باسی گەورە کردنی سەرکردەو پەرستنیت کرد لە کۆڕەکەدا لەلان هێزی دەستەڵاتەوە، ئەگەر ئێمە بە دیووی یەکگرتووشدا هەمان پرس بکەین و بڵێین ئایا یەکگرتووش ئەوە نی یە ئەمیندار حەڤدە ساڵە دەپەرسترێت ئەڵبەت نەك بە مانا شەرعیەکەی، بەڵکو بەو مانای تا ئێستە لەسەرەوە ماوەتەوە، وەك ئەم پرسیارە بەردەوام ڕوو بەڕووتان دەبێتەوە.
د. موسەنا ئەمین: ئەمە ئاسمان و ڕێسمان لەیەکتری جیان، ئێمە کاتێك باسی سەرکردەیەك دەکەین ئەو سەرکردەیە کاتێك پیرۆز دەکرێت ڕێگەی ڕەخنە گرتنی پێ نەدرێت، یان شەرعی وناشەرعی و یاسای و نایاسایم پێ بڵێی و من جی بەجێی بکەم، وە بۆ هەموو جێ بەجێکردنێکیش پاساو بدۆزمەوە، لە پێناو ئەم سەرکردەیەدا من برای خۆم سەربڕم، ماڵی کوردی برای خۆم بسوتێنم، تاوان ئەنجام بدەم، ئێمە کەی یەکگرتووی ئیسلامی لە پێناو ئەمینداردا شتی وای کردووە، وە کەی ئەمینداری یەکگرتوو ئەوەندە جورتەی کردووە شتی واش بە یەکگرتوو بڵێ، لەبەر ئەوە ئێمە هیچ وەختێك ئامادە نی یە سەرکردە پیرۆز بکات وە لە بڕیاری هەڵەی ئەو گوێ بگرێت، بەڵام ئەمیندار سەرکەوتووترین کەسی یەکگرتوو بووە تا ئێستەو یەکەم کەسیش بووە لە گەڵ ئەم یەکگرتووەدا خەباتی کردووە، وە هەموو جارێکیش کە لەسەر دەستەڵات ماوەتەوە بە دەنگدانی کۆنگرە ماوەتەوە، بەڵکو دەتوانم بڵێم بە ئیجماعی کۆنگرە، مەسەلەی ئەوە نی یە خۆی سەپاندبێت، مەسەلە ئەوە نی یە بنەماڵەیەك یان عەشیرەتێك یاخود چەکدارێك یا لۆبیەك یا عەسابەیەك لە پشتیەوەیەتی بۆیە ماوەتەوە، کەسێکی زۆر خۆ بە کەمزان و متەوازع و بە ئەدەب و مسوڵمان و بە ئەخلاق بووەو خەباتگێڕێکی زیرەك بووەو کەسێك بووە لە پێشەوە بووە، مێژووی هەیەو واقعیشی هەیە، بەم مێژووەشی و بەم واقعەشی بووەتە جێی متمانەی یەکگرتووەکان و دەنگیان پێی داوە، بەڵام مەرجیش نی یە لەم کۆنگرەیەدا هەڵبژێرێتەوە، نە لەبەر ئەوەی بە کەڵك نەماوە، بەڵکو لەوانەیە وا بە باشتر بزانرێت ئێمە پێشەنگ بین لەم ووڵاتەداو هەر لەبەر ئەوەی گۆڕانکاری هەبێت، لەوانەیە ئەو بیرۆکەیە هەبێت لەکۆنگرەدا ئەو کارە بکرێت، وە دوو کۆنگرەشە ئەمیندار خۆی داوا دەکات هاوڕێکانی وازی لێ بهێنن تا خۆی هەڵنەبژێرێتەوە، تا کەسێکی تر ئەو کارە بکات، وە ئەم کۆنگرەی کە ڕابوورد ئەمیندار خۆی ئەو فۆڕمەی هێنایە کایەوە کە دەستەڵاتەکان بدرێنە سێ سەرکردە، وە ئەمینداری گشتی ببێتە شتێکی فەخری و شەرەفی، ئەمەش هەر داهێنانی خۆی بووەو کۆنگرەش قەبوڵی کرد، دوای ئەو قەیرانە ڕوویداو هەمتر سەرکەوتوو نەبوو لەوانەیە ئەمجارە سەرکەوتوو ببێت، ئەو کەسانەی ئەوە دەڵێن هیچ بنەمایەکی نی یە چونکە یەکگرتوو نە حیزبەکەی بە پیرۆز دەزانێت نە یەکگرتوو بە دین دەزانێ نە ووتوویەتی هەرکەس یەکگرتوو نەبێت دینی نوقسانە، نە ووتوویەتی تەنها سەرکردەکەی ئێمە باشەو هەرکەسیش لەگەڵی نەبێت وایەو... نە ئەمینداری گشتی بڕیارێکی هەڵەی بە ئێمە ووتووەو ئێمە پەیڕەوی لێ بکەین وە نە پەیڕەویشی لێ دەکەین، لەبەر ئەوە ئەو شتانە زۆر جیاوازن لەیەك.
عومەر عەلی: من هیچێکی ترم نی یە ئەگەر بەڕێزتان کۆمێنتێك یان زیادەیەکتان نەبێت.
د. موسەنا ئەمین: من سوپاسی جەنابت دەکەم و سەرکەوتوو سەربەرزبیت، زۆر سوپاس.
عومەر عەلی
www.omarali.co.uk